گفتوگۆی باڵۆن - گفتوگۆیەکی شاعیرانە لەگەڵ هیوا قادر لەنێو هەورەوە

Rudaw Stream
Rudaw Stream
8.6 هزار بار بازدید - 6 ماه پیش - هیوا قادر: نووسەر و رۆماننووس
هیوا قادر: نووسەر و رۆماننووس ‏"لە هەر كوێ بیت دەتدۆزمەوە، چونكە بۆنی سنەوبەری تەڕت لێدەێ‌". بەو‏جۆرە رەنج سەنگاوی پێشكێشكار بەهەمان شێوازی شیعرێكی میوانەكەی، ‏پێشوازی لە شاعیر ‌و رۆماننووس هیوا قادر كرد، ئەویش لە پاش لە ‏ئامێزگرتنی رەنج سەنگاوی گوتی "دەتەوێ‌ بەم بەرنامەیە ‏لەگەڵ میدیای كوردی ئاشتم بكەیتەوە؟".‏ لەبەردەم باڵۆنەكەدا لە پاش كەمێك ‏ناساندنی زیاتری هیوا قادر، رەنج سەنگاوی گوتی "ئەگەر باڵۆن هەبێت ‏بۆچی لەسەر زەوی گفتوگۆ بكەین، با بڕۆین بۆ ئاسمان لەو بەرزیە گفتۆگۆ ‏بكەین".‏ هیوا قادر، شاعیر ‌و رۆماننووس، ساڵانێكی زۆر لە سوید ژیاوە ‌و ماوەی چەند ‏ساڵێكیشە گەڕاوەتەوە نیشتمان ‌و لەگوندی بناوێڵەی نزیك سلێمانی ‏نیشتەجێبووە. ‏رەنج پرسیاری ئەوەی لێدەكات بەنیاز نییە بگەڕێتەوە سوید؟ وەڵامی ئەو ‏نەخێرە، چونكە وەك خۆی دەڵێت "ئیتر دڵم لێرەیە ‌و لێرە دەمێنمەوە، ‏چونكە لە كوردستان 24 كاژێر دەتوانم نووسەربم ‌و ئیشی دیكە داگیرم ‏نەكات".‏ ‏بە بۆچوونی هیوا قادر، هەر نووسەرێكی جددی هێندەی هەزار كەسی ‏ئاسایی خەم ‏دەخوات ‌و بیر لە شتەكان دەكاتەوە. سەبارەت بەوەش بۆچی ‏لە شیعر نووسینەوە بەرەو نووسینی رۆمان هەنگاوی ناوە، ئەو گوتی "10 ‏ساڵێكە لەوە تێگەیشتووم رۆمان زووتر لە شیعر دەتوانێ‌ پەیام ‏بگەیەنێ ‌‌و ‏بگاتە خوێنەر".‏‏ ماڵی پشیلەكان رۆمانێكی دیاری ئەم نووسەرەیە. ماڵی پشیلەکان لە ئێران پێنج جار ‏چاپكراوەتەوە، هاوكات كراوەتە عەرەبی ‌و سویدی ‌و ئێستاس خەریكە دەكرێتە ‏ئینگلیزی. ئەوە یەكێكە لەو كارانەی هیوا قادر شانازی پێوە دەكات. ‏بە بۆچوونی هیوا قادر، كات بۆ كەسانی نووسەر زۆر گرنگە، چونكە وەكو خۆی ‏دەڵێت "زۆرشت هەیە تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە ‏بینووسم، دەبێت ئەوەش ‏بڵێم ‏هەمیشە دڵشكانەكان هۆكارێكن بۆ نووسین".‏ سەفەرنامە، كە زیاتر لە نووسینی بیرەوەری دەچێت نەك رۆمان، یەكێكی ‏دیكەیە لە كارە جوانەكانی هیوا قادر، وەكو خۆی باسی دەكات كاتێكیش ‏دەستیكردەوە بە نووسینی، بۆ ئەوەی نەبووە بڵاویبكاتەوە، بەڵام دواجار ‏بووەتە ئەو كارەی تاوەكو ئێستاش شانازی پێوە بكات.‏ ‏ئازایەتی لە گوتنی هەندێك راستی خاڵێكی دیاری جیاكاری كتێبی ‏‏سەفەرنامەیە، هیوا قادر دەڵێت ‏"كە سەفەرنامەم بڵاوكردەوە خەڵكانێكی ‏زۆر برینداربوون، بەڵام ‏گوێم پێنەدا، چونكە من لە نووسیندا هیچ كاتێك ترسنۆك ‏نیم ‌و هەمیشە ئەوەی ویستوومە نووسیومە، لە بنچینەشدا ئەگەر بە جورئەت ‏نەبیت ناتوانی نووسەر بیت." ‏ گفتوگۆی نێو باڵۆنەكە دێتەسەر باسی نووسینەوەی بیرەوەری بە تایبەت ‏لەلای سیاسییەكان. هیوا قادر دەڵێت ئەو زۆرینەی بیرەوەری ‏سیاسییەكان دەخوێنێتەوە، بەڵام تێبینی ‌و رەخنەی زۆری لەو بارەیەوە ‏هەیە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ‏نووسینەوەی بیرەوەری دەبێت ‏ئەوە بێت كەسەكە لە خاڵە لاوازەكانی خۆیەوە ‏دەستپێبكات، نەك تەنیا ‏قارەمانێتییەكانی بگێڕێتەوە "بە راستی ئەوەی بینیومە تاوەكو ئێستا پشكۆ ‏نەجمەدین بە زمانێكی ئەدەبی جوان بیرەوەرییەكانی نووسیوەتەوە".‏ ‏بەبڕوای ئەم نووسەر‌ و شاعیرە سەردەمی ئێستا "سەردەمی پڕ‌وپووچییە" هەر ‏بۆیە خۆی دوورەپەرێز دەگرێت ‌و كەمترین دەركەوتنی لە راگەیاندنەكانەوە ‏هەیە "دەمەوێت بە تەنیا بژیم،‌ چونكە چێژ لە تەنیایی وەردەگرم، شەش ‏ساڵە تەلەڤیزیۆنم دانەگیرساندووە، ئەوەش زیاد لە هۆكارێكی هەیە، لە داخی ‏سیاسەتی چەواشەكاری میدیای كوردی، لەداخی ئەوەی كەس هەیە كوردی ‏نازانێ‌، بەڵام كراوەتە بێژەر، ئەوانە‌ و هەزاران داخی دیكەش".‏ دواجار رەنج سەنگاوی، پرسیار دەربارەی ژیریی دەستكرد دەكات كە ‏خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر دونیای ئەدەبیش، بۆ نموونە ژیریی ‏دەستكرد دەتوانێ‌ شیعریش بنووسێت‌، هیوا قادر دەڵێت "راستە دەتوانێ‌ ‏شیعر بنووسێت‌، بەڵام هەرگیز وەكو من ‏ناتوانێ‌ هەست بە نووسینەكان بدات".
6 ماه پیش در تاریخ 1402/12/29 منتشر شده است.
8,652 بـار بازدید شده
... بیشتر